به‌رنامه‌کانی روژ
شه‌ممه‌
هەواڵەکان18 / 11 / 2017
بۆنه‌ و رێوره‌سمه‌کان18 / 11 / 2017
پرسی رۆژ18 / 11 / 2017
اخبار18 / 11 / 2017
فیلم و دیکومنت18 / 11 / 2017
فیلم و دیکومنت18 / 11 / 2017
فیلم و دیکومنت18 / 11 / 2017
یه‌ک شه‌ممه‌
دوو شه‌ممه‌
سێ شه‌ممه‌
چوار شه‌ممه‌
پێنج شه‌ممه‌
هه‌ینی
رادیۆ دەنگی کوردستان
بەرنامە ی سێ شەممە ٢١/١١/٢٠١٧
بەرنامە ی دوو شەممە ٢٠/١١/٢٠١٧
بەرنامە ی یەک شەممە ١٩/١١/٢٠١٧
بڵاوکراوه‌کان
به‌یاننــــــا‌مه‌و راگه‌یه‌نراو
پەیامی ماتەمینی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی‌دوایی خاتوو زەینەب شەڕەفکەندی
سوپاس و پێزانین بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرەوەزی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەتان بۆ بەدەنگەوەچوونی بوومەلەرزەلێدراوان جێگای شانازییە
هه‌ڵبژارده‌
سکاڵای ٢ خاتوون
رەنگاڵە
روانینی رۆژ - هەڕەشەکانی ئەردۆغان و داهاتووی کورد لە سووریە
صفحە اخیر - فاجعه زلزله و دروغ های حکومت
هه‌واڵه‌کان
«وەرە پێکەوە بمرین»
عەلی فەتحی
7 / 5 / 2017

دوو ڕۆژ بوو لە ناوچەڕا گەڕابوومەوە گووندی بابەکراوێ لە ناوچەی سەرشاخان. بارانێکی نەرم دەستی‌پێکردبوو و لێی‌نەدەکردەوە. شەو بڕیاردرا بەیانی زوو وەڕێکەوین. بەشە چەک و تەقەمەنی هێزەکانی باکوور گەیشتبوونە لای ئێمە. ئەو سەردەم هێزەکانی دەڤەری باکوور ناسراوبوون بە هێزەکانی شیمال. مەبەست لەوانەی لای ورمێ و سەڵماس بوون. دەبوایە ئەو چەکانە خێرا بگەنە دەستی ئەو هێزانەمان.

لەگەڵ سپێدەی بەیانی، دوای خواردنی بابۆڵە شیرێژێک و خواردنەوەی چایەکی گەرم، وەڕێکەوتین. تا گەیشتینە ڕەوەزەکانی شازوقاز، لەبەر باران تەواو خووساین. ڕێگایەکی دوورمان لەبەر بوو و دەبوایە شەویش لە یەک‌دوو شوێنی پڕمەترسی بەژێر پێگەکانی دوژمندا بپەڕینەوە.

بە هەوراز و هەڵدێری شازوقازدا شۆڕبووینەوە. هەورازی ئەژنۆشکێن و بارانی بە خوڕێن وەزعەکەی تەواو شێواندبوو. لەگەڵ بەهمەن شانبەشانی یەکتر دەڕۆیشتین. بەهمەن بامروەت. هەم وەکوو ڕنوو پڕ لە هێزبوو و هەم لە دۆستایەتیدا بەڕاستی ئەمەگناس. کەسێکی بەجەستە پێشمەرگە و بەخەیاڵ چەگوارا. پێشتر ئەندامی سازمانی چریکەفیداییەکانی خەڵکی ئێران بوو. بە مارکسییەت دەستی بە تێکۆشان‌کرد و دواتر ئەو هەستەی کردە هەوێنی کوردایەتی. گەنجێکی قۆز، باڵابەرز، جوان، لێو بەبزە و دەریایەک لە هەست و سۆز و ورە و وزە. ڕیزەکانی ڕێکخراوی فیداییەکانی جێ‌هێشتبوو، چونکە ئەوان هەڵگەڕابوونەوە و تەواو کەوتبوونە خزمەتکردن بە ڕێژێمی مەلاکانی تاران. بەهمەن بەرلە هاتنی بۆ شاخ پێوەندی بە تەشکیلاتی شاری حیزبەوە گرت. لەگەڵ من لەپێوەندیدا بوو و مەئموورییەتە پێ‌ئەسپێردراوەکانی حیزبیی جێبەجێ‌دەکرد. بەواتایەک لەژێر تاقیکاریدا بوو. نیزیک بە ساڵێک تێپەڕببوو کە ئیدی لەوە پتر نەدەکرا لە شار بمێنێتەوە و هاتەدەر و لەنێو ڕیزەکانی پێشمەرگەدا دامەزرا. هەر لە یەکەم ڕۆژەکاندا، لەبەر خوێندەواری، ورەبەرزی، بوێری و کۆمەڵایەتی‌بوونی کەوتە بەر ڕق و کینی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە، واتە ئەوانەی لەمەر لەدەستدانی کورسیلەی دەسەڵاتیان نیگەران بوون. پاش کێشەیەکی زۆر، تفەنگێکی بڕنۆمان بۆی وەرگرت و لە یەکێک لە لکەکانی هێز وەکوو پێشمەرگە دامەزرا. ئەوانەی ئەو سەردەم کادری سیاسی بووین، لەبەر کەشوهەوایەکی خوڵقاوی فەرماندە نیزامی‌یەکان، لەنێو حیزبدا ناسراوبووین بە باڵتۆسپی. ژمارەیەک باڵتۆی ئەمریکی سپی‌ڕەنگ لەلایەن حیزب بەسەر کۆمیتەکاندا دابەشکرابوون و لەبەر ئەوەی زوو چڵکن دەبوون و مەجالی شۆردنیان نەبوو، دابوویان بە ئێمەی کادیرانی بەشی تەشکیلات. منیش یەک لەوانەم وەبەرکەوتبوو. بەهمەن هەرچەند باڵتۆی سپیشی بەرنەکەوتبوو، بەڵام زاناییەکەی کەوتبوە بەر هەستی ئێرەیی پێ‌بردن.

بەڵێ، شانبەشانی هەڤدوو لە شازوقاز دەهاتینە‌خوارەوە. کاروانی چەک و تەقەمەنی لە دواوەمان دەهات. ڕێگاڕۆیشتن و داگەڕان لەبەر تەڕی و قوڕی دژواربوو. باران نەک لێی‌نەدەکردەوە، بەردەوام بەخوڕێنتر دەبوو. دەتگوت بە ئاسمان گوتراوە ڕاست لەو کاتەدا چی فرمێسکی هەیەتی ڕۆیکا. ئاسمانی ناوچە بەهاری ناوچەی دەستکەوتبوو و لەسەر ئێمە پەکی نەکەوتبوو. ئەو دەبوایە بە هەور و ساوی خۆی یاساکانی سروشت بەڕێوە‌ببا. دیاردەی نامۆ لەو نێوەدا، ئێمەی ڕێبواری ناوەخت بووین.

ماندوویەتی بەرەبەرە شەکەتی‌کردین و پشووی لێمان‌بڕی. خوڕێنی باران مەجالی پتری بۆ ڕۆیشتن نەدەدا. بەهمەن تەواو شەکەت دیاربوو. لە بزە و قسەی خۆش‌کەوتبوو.

ـــ چییە کاکی برا، کز و ماتی، ئەگەر کەیفت قنج نییە، بۆ دەهاتی؟ (دەمویست حاڵ و هەوای بگۆڕم).

ـــ نا کەسی برا، باشم. باران پشووی لێبڕیوم. ئارەقەی لەشم لەو خراپتر.

لەنەکاو یەک لە پێشمەرگەکان هاواری کرد: پشوودانە و تۆزێک وەحەسێن!

موژدەیەکی بەهاری بوو. هەر بابایە خۆی لە کەلێنێک ئاخنی تاکوو لەوە زیادتر تەڕ نەبێ.

لەگەڵ بەهمەن خزاینە ژێر ڕەوەزە بەردێک کە بارانی نەدەگرتەوە. هەڵتروشکاین. جگەرەیەکم داگیرساند. سەیرێکی بەهمەنم کرد، پەشێو دیاربوو.

ـــ کاکی برا خەفەتبارت دەبینم!

ـــ تاسەی ماڵەوەم کردووە. دوێنێ شەو نەخەوتووم. بیری مناڵەکان، بێبەشی لە سۆزی باوکایەتی. سیامەندم جارێ کۆرپەیە. بەیانم بێ‌ناز ماوەتەوە و ساماڵیشم زۆر هۆگری من بوو.

ـــ ئەوانە مناڵەکانتن؟

ـــ بەڵێ، هەر ئەو سێ جگەرگۆشەیەم هەن.

ـــ تەماشا ئەو ڕێکەوتەی! لە هەورازی شازوقازێ، ئەو شوێنەی بەپێی هەندێ ڕەوایەت دەبێ شوێنی خەج و سیامەند بووبێ، بەو بەیانە باسی سیامەند دەکەین و چاوەڕوانی ساماڵین...

بەو قسەیەم لە خۆشیان هەڵبەزییەوە. لێم نیزیک کەوتەوە و پاڵی‌وێدام.

ـــ دەزانی چیم نووسیوە؟

ـــ بیخوێنەوە، هەرچەند شارەزای شێعر نیم. جاروبار پەخشانێک دەنووسم و ئەویش بێ هیچ سووژەیەکی تایبەت، تەنیا وشە مەوزوونەکان بەدوای یەکتردا ڕیزدەکەم و پێی‌دەڵێم مەخشانی بەناو پەخشان.

ـــ گوێ‌بگرە!

دەستی بە خوێندنەوەی شێعرەکەی دوێنێ شەوی کرد:



دیاری بۆ «به‌یان»

هه‌یهۆ!

به‌ کام ڕسته؟‌

به‌ چ زبانێک؟

به‌ کام هۆنه‌ر و که‌لامێک؟

چی بڵێم؟ چی بێژم؟

تاسه‌ له‌ لای کێ هه‌ڵڕێژم؟

لای کێ بێژم نهێنیی دڵ؟

خونچه‌م که‌ی ده‌بێت به‌ گوڵ؟

بوخچه‌ و پرێسکه‌ی نه‌کراوه‌

نهێنیی کوڕی تێشکاوه‌!

به‌ کێ بڵێم چۆن تێکڕووخا؟

کۆشکی ئاواتم چۆن ڕما؟

ئه‌و خانووچکه‌ی شووشه‌ و بلوور

که‌ چام کردبوو له‌ پشت سنوور

به‌رزتر له‌ سنووری ئه‌وین

چی پێده‌ڵێن له‌ ڕووی زه‌وین؟

من دیتم به‌ دوو چاوم

که‌ چۆن له‌ «باستیل» خراوم

دیتم به‌ چاو مه‌رگی هیوام

ده‌سه‌لمێنم: شکام! شکام!

به‌ڵام نا، هه‌یهۆ! چ ده‌ڵێم؟

ده‌با بشکێم و تێکشکێم!

هێنده‌ ده‌شکێم و ده‌که‌وم

هه‌تا فێر بم چۆن سه‌رکه‌وم.


چەپڵەیەکم لێدا و چاوێکم لێکرد و سەرسوڕمانی خۆم لەمەر خەفەتبارییەکەی و کۆتایی ئەو دووسێ دێرەی کۆتایی شێعرەکەی لە نیگایەک وەرپێچا و بۆ چاوەکانی ئەوم بەڕێکرد.

باران هێور ببۆوە. بەرەو گوندی گردەبن وەڕێکەوتین. لەوێش پشوویەکی کورت ڕاگەیەندرا. پاشماوەی ڕێگا تاکوو گووندی قاڕنێ، واتە شوێنی پەڕینەوەمان تەواوێک ڕێگابوو. دەبوایە شەو بەتەنیشت پێگەکانی دوژمندا دەربازبین.

ئێوارە گەیشتینە گووندی قاڕنێ. بەسەر ماڵاندا دابەش‌بووین. بەهمەن تووشی حاڵەتێکی پڕ لە پەرۆشی هاتبوو. من خێرا ئازارەکانیم دەخوێندەوە. هەوڵم‌دەدا چی بە خەیاڵیدا دێت، بیدرکێنێ.

ـــ چۆنی چەگوارا شەکەتەکە؟ وادیارە بەرەبەرە لە بارودۆخەکەمان تێدەگەی. دەبینی ئەو ژیانەی ئێمە دەگەڵ نووسراوەکانی سەر کتێب جیاوازی زۆری هەیە، وانییە؟

ـــ لێمگەڕێ! بیر لەو دێیە دەکەمەوە. تراژێدیای قاڕنێ چ جارێک لەبیرناچێتەوە. بۆت وەخوێنم؟

ـــ چییە، ئەویشت دوێنێ‌شەو نووسیوە؟

ـــ نا، هی پێشترە، گوێ‌بگرە!

دەستی بۆ باخەڵی برد و پەڕاوە بچکۆلەکەی دەرهێنا.

شێعرێکی دوور و درێژی سەبارەت بە ڕەشەکوژیی قاڕنێ خوێندەوە:

...


کچان کوڕانی کوێن دەبەر

ئێرەش وەکوو تەلی‌زەعتەر

بەزۆر بۆم دێتە سەر قاقەز

ڕووداوی کارەساتی ناحەز

......

کەوتۆتە گۆڕێ چاویلکە

دەستەددان و ملوانکە

مێشک بڵاو، چاوێک لەولا

لاقێک لە جەندەکی جیا

پیرێک کەوتووە لەپاڵ گۆچان

خوێناوییە شۆرتکەی ماڵان

لەناو لانک مناڵ بێ‌شیر

دایک و باوک بوونە ئەسیر

....

ئەو کوشتنە، ئەو بڕینە

تاوان ڕوونە مناڵینە

بەوردی گوێم لەبۆ شل‌کەن

پاشان لە تاوان، بیرکەن

لێرە تاوان مناڵینە

ماف‌ویستنە، ماف‌ویستنە، ماف‌ویستنە


هەوا بوولێڵ ببوو کە وەرێکەوتین. نەدەکرا ماتڵی وەستانی بارانبارین بین. ئاسمان و هەورەکانی کاری خۆیان دەکرد و پێشمەرگەش ڕێگای خۆی دەپێوا. شانبەشانی یەکتر بەڕێوە بووین. ڕێگای لای گووندی (دواوان)مان گرتەبەر. تاریکی ڕەشی شەو باڵی بەسەر ناوچەدا کێشابوو. چاو چاوی نەدەدیت. لەنیزیک پاسگای حکوومەت تەقەیەک کرا. هەر بابایە بەلایکدا لە چەخماخەی تفەنگی‌دا. شتێکی تایبەت نەبوو. پێشمەرگەیەک ناخواستە تفەنگی لەدەست دەرچووبوو. ڕەوشەکە هێوربوەوە و هەنگاونان بەردەوام. بەهمەن، شەکەتی، برسییەتی و دووری ئازیزانی بەتاقی کردبوەوە، بەڵام دەبوایە ئەسڵێکی دیکەی شۆڕشی بەکردەوەش بەچاوی خۆی بدیبایە.

گووندی قەڵاتان، ئاواییەکی برینداری دەستی ڕەشەکووژیی دوژمن لەسەر ڕێگامان بوو، ئەو شوێنەی لەمێژنەبوو خەڵتانی خوێن کرابوو. لەوێوە بە سواری تراکتۆر بەرەو ناوچەی حەڵبێ و کۆیکان وەڕێکەوتین. لەسەر پاشتەرکەکانی تراکتۆر ڕووبەڕووی هەڤدوو دانیشتبووین. هەرکام لە خەیاڵێکدا! لەنێو دێی حەڵبێ، تراکتۆر لەنەکاو کەوتە نێو چاڵی بەتاڵی گەنم. من خۆم گرت، بەڵام بەهمەن هەڵدێرا. چاویلکەکانی دەرپەڕین و بەسەریاندا کەوت. بۆ تاوێک هیچکەس خۆی تێنەگەیاند. ناچار هەستاوە و هەموو گیانی قوڕاوی ببوو. چاویلکەکانی هەڵگرتەوە و خێرا بۆ لای من هات کە دوای ئەو وەرگەڕانەی تراکتۆر خۆم فڕێدابووە خوارەوە و تەواو سڵامەت بووم.

ـــ پەکوو ئێوەش خەڵکێکی بێ‌ڕحمن!

ـــ بۆ کەسی برا؟

ـــ کەسی برای چی، ماڵتان نەشێوێ نەتان‌دیت چیم بەسەرهات. لانیکەم یارمەتی هەستانەوەتان دابام.

ـــ بەهمەن گیان دەبێ بتوانی خۆت هەستییەوە. ئەی ئەو چەند ساڵە بەردەوام دەنووسی کە دەبێ خۆم، خۆمان هەستینەوە، نابێ لە کەوتن و شکان بترسین. (هاوکات لەگەڵ قسەزلەکانم، بزەم دەهاتێ).

ـــ ئەوها، دەی باشە نۆرەت دێت.

ـــ ئەو ڕۆژە لە گووندی حەڵبێ میوانی مام عەزیز بووین. پیاوێکی دنیادیدە و دڵفراوان. لەکاتی فراویندا پێمان‌ڕاگەیەندرا کە من و بەهمەن دەبێ لەگەڵ ٥ پێشمەرگەی دیکە لەو ناوچەیە بمێنینەوە. هاوڕێیان بەرەو شیمال وەڕێکەوتن.

شەو چووینە گووندی سیاوان. دانیشتبووین. پاش تاوێک بێدەنگی وەقسەهات.

ــ بۆت وەخوێنم؟

شێعرەکانیم بەدڵ بوون، بەڵام هەمیشە بەرلە وڵامی ئەرێنیم، جەفەنگێکم لەگەڵی لێدەدا و عاشقی قاقاکانی بووم.

ــ دەی گوێی مفتت دەستکەوتووە، بۆ نا.... وەیخوێنە!

پەڕاوەکەی بەدەستەوە بوو:

ئەمڕۆش وەکوو زۆر ڕۆژان

ڕۆژی ڕەشی بێ‌بەشان

کیژێکی کاڵ و ساوا

بوو بە فیدای جەمێک نان....

ئەوەشیانم زۆر بەدڵە:

نەورۆزی گشت چەوساوەکان، مەرگی سەرمایەدارە

نەمانی ژێرچەپۆکی ئێمەش، فەوتانی ئیستعمارە

ــ بەهمەن! پێموایە دوای وەرگەڕانی تراکتۆر، دووبارە کەوتوویەوە بیری ئیستعمار. نەکا ئێمەش ڕەگەڵ ئەوان بدەی؟

لە قوڵایی دڵییەوە قاقایەکی لێدا.

ـــ شادم بە بوونتان، شانازی بە پێشمەرگایەتیم دەکەم....

ڕاست ئەو ساڵە لە پاییزێکی شوومدا، بەهمەنی خۆشەویستم، ئەو مرۆڤە بە مرۆوەتە لە دەڤەری سەردەشت، لە شەڕی چیای هۆمل شەهید بوو.

ئێستا کە بیری لێدەکەمەوە، تەنیا ئەو ڕستەیەی یانیس ڕیچۆس سوکنایی دەخاتە دڵم کە دەڵێ:

«ئه‌وان به‌ره‌و به‌رزایی هه‌ڵکشان، تا ده‌ستیان به‌ خاک ڕابگا».

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٣.