به‌رنامه‌کانی روژ
شه‌ممه‌
هەواڵەکان23 / 9 / 2017
به‌یاننامه‌ و راگەیندراو23 / 9 / 2017
روانینی رۆژ23 / 9 / 2017
ژیان و خەبات23 / 9 / 2017
اخبار23 / 9 / 2017
نگاە روز23 / 9 / 2017
گەشتەکانی ئەودیوی چیا23 / 9 / 2017
یه‌ک شه‌ممه‌
دوو شه‌ممه‌
سێ شه‌ممه‌
چوار شه‌ممه‌
پێنج شه‌ممه‌
هه‌ینی
رادیۆ دەنگی کوردستان
بەرنامەی شەممە ٢٣/٠٩/٢٠١٧
بەرنامەی هەینی ٢٢/٠٩/٢٠١٧
بەرنامەی پێنج شەممە ٢١/٠٩/٢٠١٧
بڵاوکراوه‌کان
به‌یاننــــــا‌مه‌و راگه‌یه‌نراو
بەیاننامەی ده‌فته‌ری سیاسیی حدک سه‌باره‌ت به ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان
راگه‌یاندراوی ده‌فته‌ری سیاسی سه‌باره‌ت به ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی شاری بانه
هه‌ڵبژارده‌
بەیاننامەی ده‌فته‌ری سیاسیی حدک سه‌باره‌ت به ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان
ژیان خەبات - ژیان و خەباتی کاک قاسم سوڵتانی
نگاە روز - تهدیدهای ایران بە تهدید علیە ایران تبدیل می شود؟
گەشتەکانی ئەودیوی چیا - ئاوایی ناو
هه‌واڵه‌کان
مستەفا مەولوودی: بۆ سەرخستنی هاوهەڵوێستیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر کار هەیە دەبێ بکرێن کە نەکراون
دیمانه‌: سمایل شه‌ره‌فی
10 / 7 / 2017

)) تەلەڤیزیۆنی «کوردکانال» دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێڕی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک‌هێنا. لەو وتووێژەدا کۆمەڵە بابەتێکی سیاسی لەسەر هاوکێشەکانی ناوچە، کورد و داعش، پرسی کورد لە ئێران، بابەتی کاری هاوبەش و هاوهەڵوێستیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی یەکگرتنەوەی دێموکڕاتەکان خراونەتە بەرباس و ڕاو و بۆچوونی بەڕێ کاک مستەفایان لەسەر وەرگیراوە.

«کوردستان و کورد» پوختەیەک لەو وتووێژەی لێرە هێناوەتەوە:((


چەند ساڵێکە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەت ئەو ناوچەیەی کە ئێمەی تێداین بارودۆخێکی تایبەتی هەیە، پەیدابوونی داعەش کە ڕاستەوخۆ لە دوو بەشی کوردستان (باشوور و رۆژاوا) پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە، ئێران کە بە نۆرەی خۆی دەیهەوێ ئاڵۆزییەکان پەرە پێ بدا، هاتنە سەرکاری کابینەی ترامپ لە ئامریکا و لێدوانی جۆراوجۆری کۆشکی سپی بە نیسبەت ئیران. بە گشتی ئێوە ڕوانینتان بۆ ئەو گۆڕانکارییانە چییە کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن و پێدەچێ شتی چاوەرواننەکراوی لێ بکەوێتەوە؟

هەر وەک دەزانین کۆمەڵە حکوومەتێکی نادێموکراتیک حوکمی وڵاتانی ناوچەکە دەکەن و سەرچاوەی زۆربەی کێشە و قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانن. کەلێن و مەودای زۆری ژیانی کۆمەڵایەتی، دابەشبوونی خەڵک بەسەر فەقیر و دەوڵەمەند، حاشاکردن لە پرسی میللی و نیشتمانی، ئینسانی، ئیجتماعی و ئەخلاقی و تەنانەت مەزهەبییەکانیش وایکردوە کە ئەو دۆخە بە جۆرێک یارمه‌تیی توندئاژۆیی لەو ناوچەکەدا بکا. ئەو کێشەیەکە کە دەبێ عیلاج بکرێ.  داعیش یا جەریانە توندڕەوکان لەو ناوچەیەدا پەیامێکیان هەڵگرتووە و هەست دەکەی کۆمەڵە ئیدیعایەک دەکەن کە لە نێو کۆمەڵگادا هەیە. بەڵام حەللێکی کە ئەوان بۆیان هەیە، غەڵەتە. کە باس لە کوردستان دەکەین و بە تایبەت لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان کە راستەوخۆ کورد لەگەڵ دیاردەی بەرەوڕوویە، دەبینین کە بەخۆشییەوە کورد عونسورێکی موئەسیرە بۆ بەگژداچوونەوەی داعش. بۆیە لەو پێوەندییەدا دەتوانین بڵێین داعش و جەریانە توندڕەوەکانی دیکە زەرەری زۆریان بۆ کورد، بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد، بۆ ژیانی سیاسی و ئەمنیەتی کوردستان بووە؛ بەڵام خۆ ئەگەر بە لایەکه‌ی دیکەدا سەیری بکەین، کورد بە خۆشییەوە لە بەرامبەر جەریانی وا ئیفڕاتیدا چ وەک خەڵک و چ وەک هێزە سیاسییەکان و موئەسسیاتی دەوڵەتی ئازایانە بەرەنگاری بۆتەوە. بە جۆرێک کە ئێستا ستاتوی سیاسیی کورد بە گشتی و، بەتایبەت لەو دوو بەشەی کوردستاندا بەهێزتر بووە و بووەتە هۆی ئەوەی کە چارەسەری زۆربەی کێشەکانی ناوچە  بەبێ نەقش و دەوری کورد، هەر عەمەلی نەبێ.


دەبینین کە لە عێراق دیاردەیەک بە ناوی حەشدی شەعبی دروست بووە و لە ڕووی ئیدۆلۆژی و مەزهەبی و رێکخراوەییەوە کەس ناتوانی حاشا لەوە بکا کە رێژیمی ئێرانی لە پشتە و دەبینین بە شێوەی مەیدانی لە سووریە خەریکە [بەناو]ی بەگژداچوونەوەی توندڕەوی و داعش، پاڵپشتیی مانەوەی بەشار ئەسەد دەکا. پێتوایە ئێران بە دوای چیدا دەگەڕێ؟

هەر لەگەڵ هاتنە سەرکاری حکومەتی کۆماری ئیسلامی، لە ڕاستیدا کاربەدەستانی سیاسیی حکومەتی ئێران ئەو شوعارەیان بووە کە ئینقلابەکەیان هەناردە دەکەن. یانی ئەم نیازەی کە خۆیان هەیانە بۆ حکومەتداری و نەقشی مەزهەب لە بەرێوەبردنی ئیدارەی وڵاتدا لە ئێران هیچ، بەڵکوو هیدایەتی دەکەن بۆ دەوڵەتان و ناوچەکانی دیکەش.

ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پیێ شناختێکی موناسب کە لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمانە و کارنامەی کۆماری ئیسلامی لەو ٣٨ ساڵەدا بە ڕوونی دەبینین کە ڕێژیم هەم لە عێراق، هەم لە وڵاتانی عەڕەبی و هەم لە یەمەن و هەم لە سووریە خەریکی ئەم سیاسەتەیە. ئێستا کە باس لەو بابەتە دەکەین، بەو مانایە نیە تازە لەو چەند ساڵەدا دەستی پی کردووە، بەڵکوو لەگەڵ هاتنە سەرکاری حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە ئەو رەوتە دەستی پێکرد و بەردەوام درێژەی بووە، بەڵام ئێستا کە ئاڵۆزییەکە زۆرتر بووە نەخشی ئێران زیاتر دەرکەوتووە. ئەم نەخشە نەخشێکی تەواو تێکدەرانەیە و خزمەتی خەڵکی ناوچەکە ناکا. ڕێژیم دەیەوێ ئاڵۆزیی ناوچەکە لە قازانجی مەبەستە سیاسییەکانی خۆی بقۆزێتەوە و بەرنامەکانی بەو ئاراستەیەدا بباتە پێشێ.


لانیکەم لە بیست ساڵی رابردوو دا زۆر جار لە زمان زلهێزەکانەوە گوێمان لێ دەبێ کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی تێرۆریزم و بناژۆخوزییە. لەم چەند مانگەی دوایەشدا بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کە دەبێ پێش بە دەستێوەردانەکانی ئێران بگیردرێ. پێتوایە بەراستی ئەم هەڵوێستانە بە تایبەت ڕەفتاری سیاسیی کابینەی نوێی کۆشکی سپیی ئەمریکا جیدییەتێکی تێدایە؟ ئایا ئەمریکا یا وڵاتانی رۆژئاوایی دەتوانن یان دەیانەوێ پێش بە هێژمۆنخوازیی ئێران بگرن؟

حکومەتی کۆماری ئیسلامی هەر لەگەڵ هاتنەسەرکاری دەستی بە تێرۆری موخالفینی خۆی کرد. یانی ئێمە کە دەڵێین کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێژیمێکی تیرۆریست و تیررۆریستپەروەرە، ئەوە  تەواو پڕ بە پێستی ئەم ڕێژیمەیە. بۆچی؟ چوون هەم پەرەی بە پەروەردەی تیرۆر لە هەناوی خۆی داوە و هەم موخالفینی خۆی لە ڕێگای تیرۆرەوە لە بەین بردوە. بۆ ئەوە نموونەی زۆرمان هەیە. موخالفینی سیاسی حکومەت له دەرەوەی وڵات کە دەبینی بە دەیان کەسایەتیی هەڵکەوتووی سیاسی، کە ئەم کەسانە دەیانتوانی هەم لە بواری سیاسییەوە هەم لە بواری ئیداری و بەرێوەبەییەوە، هەم لە یارمەتیدان بە دروستکردنی موئەسیساتی قانوونی و دێموکراتیک لە ئیراندا نەقشی گەورەیان هەبێ، بەڵام چونکی دژبەری کۆماری ئیسلامی بوون تێرۆریان کردن و نەیانهێشتن.

کەوایە جمهوری ئیسلامی هەر لەجێدا ماهییەتەکەی ماهییەتێکی تیرۆریستییە،  کردەوەکەی کردوەیەکی تێرۆریستییە و فکرەکەی فکرێکی تێرۆریستییە و دەبینین بەهۆی زێدەخوازییەکانی ئەمنیەتی لە ناوچەکە نەهێشتووە. جا ئەگەر وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا یا وڵاتانی دیکه‌ بیانەوێ سەقامگیرییەک ن لە ناوچەکەدا هەبێ و بیانەوێ دۆستەکانیان و هەروەها بەرژەوەندیی خۆیان بپارێزن، دەبێ لە بەرامبەر ئێراندا راوەستن. ئەگەریش، ئێران زیان و خەساری زیاتر لە بەرژەوەندی ئەوان دەدا.

بەڵام ئەمە چەندە جددییە دەگەرێتەوە سەر ئەوەی کە ئەو حکوومەتە چەندە بەرنامەی هەیە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حکومەتێکی تیرۆریستی وەکوو کۆماری ئیسلامی. ئەمن پێموایە ئەوەی حکومه‌تی ئێران دەستی پێکردووە و ده‌یباته‌ پێشێ ئەوانیش دەیزانن و ئاگادارن کە مەترسیی ڕێژیمی ئێران چەندەیه و ئەگەر پێشی پێنەگرن، مومکینە لە داهاتوویەکی نەک زۆر دووردا، کێشەی ئاستەمتریان بۆ دروست بکا. بۆیە لە نەزەر منەوە ڕەفتاریان بە نیسبەت حکومه‌تی ئێران و بۆ بەربەستکردنی زیاتری حکومه‌تی ئێران جدییتر دەبێ لە جاران.


جەنابت لە قسەکانتان دا چەند جارێک ئاماژەت پێکرد کە ڕێژیمی ئێران لەو نزیک بە چل ساڵەدا ئەوە سیاسەتی بووە بە نیسبەت دراوسێکانی، بە نیسبەت ناردنەدەرێی ئینقلاب، بە نیسبەت ئەو ئێعدام و کوشتار و سەرکوتانەی کە لە نێوخوی وڵاتدا دژ بە خەڵکی وڵاتەکەی، دژ بە جیابیران و رێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن کردوویەتی، بەڵام دەبینین ئەم رژیمە بەو خسڵەتانەوە لە دوایین هەڵبژاردنی خۆیدا بۆ سەرۆک کۆماری، دەبینی رێژەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. پێت وایە بەشداریی خەڵک واتای چییە لەم پرسانەدا کە خودی جمهوری ئیسلامی موهەندیسی و هیدایەتی دەکا؟

ئێمە باش دەزانین کێشەیەکی قووڵ لە نێوان حکوومەتی ئێران و خەڵکی ئێراندا هەیە و، هەمووشمان دەزانین ئەگەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیک هەبێ، قەتعەن خەڵکی ئێران[نا]یەکی زۆر گەورە بەو نیزامە دەڵێن. خەڵک لەگەڵ ئەوەدا دەزانێ حکوومەتی ئێرانە هەموو ئەو کێشە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەی لە وڵات و‌ لە سنورەکاندا لەگەڵ دنیای دەرەوە بۆ ئەوان دروست کردوە، بەڵام مەجالی نیە بڵێ رازی نیم. کاتێکیش ئینتخاباتێک لە ئێراندا ده‌بێ مەعلوومە که‌سی تەئییدکراو لە چوارچێوەی نیزامی جمهوری ئیسلامی ا بۆ ریاسەتی جمهوری ده‌توانێ خۆی کاندید بکا. تۆ سەیرکە کەسێک کە ڕاستەوخۆ یا ناراستەخۆ ڕێبەری ڕێژیم  پشتیوانیی لێ‌دەکا، کەسێکە کە هەموو موئەسساتی بە ئیستلاح «توندرەو»ی نیزام له پشتێتی، کەسێکە کە ڕووحانییەت بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پشتێتی، بەڵام لە موقابیل کەسێکی دیکەدا کە بە شێوەی جۆراوجۆر رەخنەی لێ دەگیرێ و بە چالیش دەکێشرێ، بەڵام خەڵک دەچێ دەنگی پێ دەدا!! بۆچی؟ بۆ ئەوەی لە نێوان دوو کەسدا لانیکەم یەکێکیان هەڵدەبژێدرێ کە تەعامولی لەگەڵ خەڵکەکەی ئەوەندەی مەجالی هەیە، یا لەگەڵ دنیای دەرەوە، مەسئولانەتر و عەقڵانیترە.

ئەمن پێموایە ئێمە دەبێ ئەو ئاکامگیرییە کەو باسە بکەن کە ئەوانەی دەچن دەنگ بە روحانی دەدەن، لایان وا نیە رووحانی هەموو موشکلەکانیان بۆ حەل دەکا. بەڵام پێیان وایە یەکی وەکوو رەئیسی ئه‌گه‌ر بێ بە دەیان جار زیاتر موشکلات بۆ ئەم وڵاتە و بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دروست دەکا. ئەمن پێموایە خەڵکی وڵاتی ئێمە وەکوو خەڵکی دەرەوە و دەسەڵاتانەی زوومیان لەسەر حکومەتی ئێران و خەڵکی ئێرانە، دەزانن کە لەگەڵ ئەو حکومەتەی خۆیان کێشەیان هەیە. بەڵام چ بکا رێگایەکەی دەیکەی نیە.  ئایا هەموو رۆژێ دەتوانێ ئینقلاب بکا و نەتیجەی ئینقلابەکەی بەرەو کوێ دەچێ؟ ئایا پێی خۆشە مەسەلەن حکوومەتانی زلهێز هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەی و مەسەلەن وەزعێکی که ‌لە عێراق هەبوو یا ئێستا لە سووریە هەیە ئەوەش لە ئێران و بۆ خەڵکی ئێران و وڵاتەکەیان دروست بێ؟

مەجبوورە بەو شێوە نەرمەی مەجالێک بۆ حیاتی سیاسی و کۆمەڵاتیی خۆی بێڵێتەوە. بەڵکوو بتوانێ گۆڕانکارییەکی هەر چەندە کەم دروست بکا. ئەوەی پێ باشترە لەوەی کە وڵاتەکەی و خەلکەکەی تووشی کێشەیەک ببێ کە لە دوایەدا هاسان لە ژێر باری نەیەتە دەرێ.


6 لایەنی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لایەک لەو ٦ لایەنە بووە، بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنانەی سەرکۆماریی کرد. بە پێی ئەو خوێندنەوەیەی جەنابت، ئایا نەدەکرا کوردەکان رێکارێکی وا بدۆزنەوە کە ئەوە پەیامەی ئێستا خەڵک بە دەنگدان بە روحانی، بە نیزامی دەگەیەنێ، ئێوەش بە موشارکەت ئەو پەیامەتان گەیاندبا. ئەسلەن بۆ ئەوجارە «تەحریم» بوو بە گوتاری زاڵی هێزەکانی رۆژهەڵات؟

حیزبی دێموکرات کوردستان لە ماوەی ئەو ٣٨ ساڵە لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵبژاردن لە ئێراندا قەت یەکدەست عەمەلی نەکردووە. سەیری ڕووداو و ئاڵوگۆرەکانی نێوخۆی وڵاتی کردووە و بە لەبەرچاو گرتنی ئەو حاڵەتانە بڕیارێکی داوە. ئەم کەڕەتەش حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ ٥ حیزبی دیکە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی بایکۆت کرد، بۆچی؟ یەکەم ئەوەی کە ئەم نیزامە بە جۆرێک ڕەفتار دەکا که‌ دەرفەتی زۆر کەم بۆ خۆدیتنەوەی خەڵک لە هاوکێشەکاندا دێڵێتەوە، پاشان ئێمە لامان وایە بایکۆتی ئێمە یا قسەی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لەسەر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرتر تەئسیر دادەنێ. لە پەیام و قسەی هیچکام لە کاندیداکان شتێکمان نەدی تا بڵێ ئەوە پێویستی و نیازی ناوچەیی، نەتەوەیی، فەرهەنگی، کلتووری و مەعیشەتی خەڵکی ئەم خەڵکەیە، کەواتە خۆی تێدا نەده‌دیتەوە و، موهیمتر لەوە رووحانی ٤ ساڵ پێش ئێستا هێندێک قەول و بەڵێنی دابوو، لەو ٤ ساڵەدا لەو قەول و بەڵێنانەش هەرە کەمەکەی جێبەجێ نەکردبوو.

 لە لایەکی دیکەوە بزوتنەوەی کورد کۆمەڵە نیازێکی هەیە، یەکێک لە نیازەکانی، هاوکاری و هەماهەنگی و هاوهەڵوێستیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتە. ئەوە وەکوو گرفتێک لە نێو بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا هەیە. ئەم جارە بە خۆشییەوە ئەو زەمینەیە درووست ببوو کە کارێکی هاوبەش پێکەوە بکەن. لەگەڵ ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نیسبەت هەڵبژاردن، بەتایبەت هەڵبژاردنی شوورای شار و دێ خوێندنەوەیەکی تەواو جیاوازی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە هەبوو، بەلام مادام ئەو هاودەنگی و هاهەڵوێستییە هەبوو، ئێمە پێمان وابوو ئینتخابات دێ و دەڕوا و بە پێی ئەو شناختەش کە هەیە، دەنگی خەڵک تەئسیرێکی جیددی لەسەر کار و تێکۆشانی سەرکۆمار لە کوردستان ناکا. کەوایە لانیکەم ئەو هاوهەڵوێستییە کە دروست بووە دەتوانین بیکەین بە زەمینەیەک بۆ ئەوەی لە درێژخایەندا هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات بەرەو جێگایەک برۆن تاوەکوو بەرنامەیەکی درێژخایەندا بنێن وەکوو هێزی سیاسی رۆژهه‌ڵات نەقشی جیددیتریان ببێ لەسەر کۆی قەزییە سیاسییەکان هەم لە رۆژهەڵانی کوردستان هەم لە ئێران لەسەر ئەو مەسئەلانەی کە تەئسیر لەسەر بزووتنەوەی سیاسی کورد دادەنێن. بەو دەلیلە حیزبی دێموکراتی کوردستان هات بۆ یارمەتیگەیاندن بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان، وازی لە هێندێک لە خوێندنەوەو تاکتیکەکانی خۆی بە نیسبەت پرسێکی تایبەتی وەکوو هەڵبژاردن لە ئێران هێنا.


هەڵوێستی ٦ لایەنەکە بەتایبەت هی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمەڵێک ڕای جیاوازیشی درووست کرد لە نێو خەڵکی کوردستان و لە نێو چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە دەرەوە و لە نێوخۆ. بەتایبەت لە نێوخۆی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانیشدا بیر و بۆچوونی جیاوازی هێنایە گۆرێ. بە سەرنجدان بە درووستبوونی ئەو جیاوازییانە و روانینی جیاواز بۆ جۆری ئیستفادە کردن لە هەڵبژاردنەکان، ئایا پێتان وایە یەکەم ئەوەی کە چۆن بیر بکرێتەوە لەمەودوا بۆ ئەو پرسانە و، پاشان ئایا بەراستی هاوهەڵوێستی جوابی دایەوە؟

بە خۆشییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ئەو ٣٨ ساڵەیدا بەتایبەت لە دە دوازدە ساڵی ڕابردوودا بە جۆرێک سیاسەتی کردووە که‌ گوتار و گوفتمانی تازەی بردۆتە نێو کۆمەڵگا. ئەوە شەریک و بەشداری بۆ دروست کردووە و خەڵکیشی وا لێکردووە کە بە نیسبەت ئەو باسانەی کە لە ده‌وروبه‌ری حیزبی دێموکراتدا دەگوزەرێ و پرسە سیاسییەکان کە لە نێو حیزبی دێموکرات و ناوچەدا هەن چاوەروانی زیاتری له گوتار و لە سیاسەتی حیزبی دیموکرات بێ. ئێمە ئەوە بە پوانێکی موسبەت و بە نەتیجەی فەعالیەتێکی باشی حیزبی دیموکرات لە پەیوەندی لەگەڵ گوفتمانی سەردەمیانەدا دەزانین. پاشان لە نێو حیزبی دێموکراتدا بە خۆشییەوە تەشکیلاتێکی سەرزیندوو و تەشکیلاتێکی ئاگای هەیە کە بە نیسبەت هەموو پرسەکان و بەتایبەت پرسە سیاسییەکانەوە حەساسییەتی خۆی هەیە، خوێندنەوەی خۆی هەیە، تێگەیشتنی خۆی هەیە و دەیەوێ لە دروستبوونی سیاسەت و هەڵوێستی حیزبەکەیدا نەقش و دەوری هەبێ، کە دیسان ئەوەش هەر بە پوانی موسبەت دەزانین.

ئەگەر لەو پەیوەندییەدا ئیشکالێک هەبووبێ، لە نەزەری ئێمەوە لە کەم‌دیقەتییەک بوو کە ڕێبەریی  ئێمە لە پێوەندی لەگەڵ دروستبوونی بریار بۆ ئەو باسە کردی. ئەویش ئه‌وه‌یه‌ پێش ئەوەی بڕیارەکە بدا، ئەو پرسەی وەک پێویست نەبرده‌ نێو تەشکیلاتی حیزبی تا بە کۆڕ و کۆبوونەوە، بە سمینار و بە لە دەوری یەک کۆبوونەوە ئەم بەحسە بکەینەوە و قەناعەتێکی تەشکیلاتیی زیاتری بۆ دروست بکەین. چونکی لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا وانیە کە لە سەرێ جەمعێک بە ناوی دەفتەری سیاسی یا کۆمیتەی مەرکەزی بڕیارێک بدا و خوارەوەش وەکوو تەشکیلاتی حیزبی بە بێ ئەوەی پرست پێ کردبێ، بڕیارو هەڵوێستەکان قبووڵ بکا، بەڵکوو دەبێ سەهیم و بەشدار بێ لە دروستبوونی بریاراتی حیزبدا. بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا زۆر تەبیعییە کە حیزبی دێموکرات ئەگەر لە پێوەندی لەگەڵ هەر بابەتێکی سیاسیدا کە بریاری لە سەر دەدرێ، تەشکیلاتەکەی پشتی ئەو بریارە بگرێ و لەگەڵی بێ. شەرت نیە هەموو بریارێک دەقاودەق جواب بداتەوە، بەڵام حەق وایە لە خەسارناسی و لە هەڵسەنگاندندا وابکەین جارێکی دیکە حیزبی دێموکرات لە بریاردانەکانیدا تووشی ئەو ئیشکالە نه‌بێته‌وه‌، یا لانیکەم چالاکانی سیاسی و مەدەنی کە چاویان لە گوفتمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و گوفتمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نەزەر ئەوانەوە پەسەندە، ئیتر نابێ جیاییەک، دوورییەک لە نێوان گوفتمانی کۆمەڵگا و گوتاری حیز‌دا دروست ببێ. چونکی حیزبی دیموکرات دەبێ ئیلهام لە خەڵکی وڵاتەکەی خۆی وەرگرێ، دەبێ ئیلهام لە چالاکانی سیاسی کورد وەرگرێ. ئەوە کۆمەک دەکا بە حیزبی دێموکرات و بە بزووتنەوەی سیاسی ئێمه‌ نامانهه‌وێ بە تەنیا تێکۆشەرانی دیار و لە دەرەوەی وڵات، نەقشی ئەساسیان لە بردنە پێشی بزووتنەوەی سیاسیدا هه‌بێ، بەڵکوو جامعەی کورد بە گشتی پێویسته‌ ئەو نەقش و دەورەی ‌هەبێ.

 ئایا ئەم بایکۆتە و هاوهەڵوێستی جوابی دایەوە؟ ئەوە دەتوانێ دوو خوێندنەوەی بۆ بکرێ. یه‌که‌م لە نەزەر ئێمەوە بەڵی، بۆچی؟ هەر ئەوەی ٦ حیزبی سیاسیی کورد بەیەکەوە بە نیسبەت مەوزوعێک دێن و هاوهەڵوێستی نیشان دەدەن، ئێمە ئەوە بە نوقتەیەکی موسبەت دەزانین. چونکی ئەمە هەر ئەوەمان پێناڵێ کە کارێکی باشمان کردوە، ئەوەمان پێدەڵی کە بۆ کاری باش دەبێ رێکاری باشیش بگرینە بەر. لەو خەسارناسییەی دوایە ئێە پێکەوە بۆ ئەو بابەتە کردمان ئێمە گەیشتینە ئەو قەناععەتەی کە ئێمە ڕاستە هاوهەڵوێست بووین، بەڵام لە راستیدا بۆ ئەو هاوهەڵوێستییە زۆر کار کە دەبوو بیکەین نەمانکرد. کەوابوو لە درێژی ئەو کارە هاوبەشانەدا دەبێ بیر لە شتی دیکەیش بکەینەوە.


لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا حیزبی دێموکرات بە نیسبەت مەسائیلی نێوخۆ و بە نیسبەت پشتیوانی لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و بە نیسبەت کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتانەی دێنە گۆرێ ڕوانگە و خۆێندنەوەی جیاوازی لە هێزەکانی دیکە بووە. زۆر جاریش تۆمەتی ئەوەی لێدراوە کە تووشی تەوەههوم هاتوە و لەم جۆرە قسانە. جەنابیشت لە قسەکانتدا فەرمووت کە دەبێ هێزەکانی رۆژهەڵات بگەن بە خۆێندنەوەیەکی واقعبینانە لە هەناوی پرسەکانی کۆمەڵگا. بەراستی پێت وایە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان  بتوانن بەیەکەوە بەو جیاوازی و ڕوانگانەی هەیانە بگەن بە خۆێندنەوەیکی واقعبینانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان؟

لام وایە خەڵکی کوردستان و هیزە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتیش دەزانن کە حیزبی دێموکرات کوردستان قەت تەوەهوومی بە نیسبەت کۆماری ئیسلامی نەبووە و لە ڕیزی پێشەوەی هەموو حیزبەکاندا بووە و لە مەیدانی موبارزەدا ئازایانە خەباتی کردووە و ئێستاش بەردەوامە. بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان قەت تاک ڕەهەندی نەبووە و لە هەرجێیەک دەرفەت بووە حیزبی دیمۆکراتی کوردستان نەخش و دەوری کاریگەری خۆی تێدا گێڕاوە. بەڵام حیزبی دێموکرات مادام لای وایە کۆمەڵگا بەرەو گۆران دەڕوا، خۆیندنەوەی تازه‌ بۆ پرسە سیاسی و ئیجتماعی و ئیقتسادییەکان ده‌کا. حیزبی دیمۆکرات ناتوانێ لەوانە غافل بێ و ناکرێ پشتگوێیان بخا. ئێمە هاوهەڵوێستی و هاوکاریمان لە گەڵ حیزبەکان پێ باشە، بەڵام خۆ ئەوە بەو مانایە نیە کە ئێمە مادام لە گەڵ حیزبەکان هاوکاری دەکەین دەبێ بۆ هەموو شتێک وەک ئەوان بیر بکەینەوە.


دوای ڕووداوەکەی ١٧ جوزەردان لە تاران کە بە داخەوە ئەو تیرۆریستانە کورد بوون، هێندێک کەس رەخنە لە حیزبی دیموکرات بە پلەی یەکەم و هێزەکانی دیکە بەگشتی دەگرن کە ئەو کاریگەرییەیان بە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە نیە، بۆیە دەبینی خەڵکانێکی ناڕازی لە کۆماری ئیسلامی، سەر لە گروپە توندڕەوە تێرۆریستییەکان دەردێنن. چەندە ئەم رەخنەیە بەڕەوا دەزانن؟

ئەمن لام وایە ئەم رەخنەیە بە نیسبەت بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان لە جێگای خۆیدا نیە، بۆچی؟ یەکەم ئەوەیکە خەڵکی توندڕەو لەنێو هەموو میللەتان و لەنێو هەموو ولاتان پێدا بووە و دەتوانێ پەیدا بێ و بە زۆری هه‌یه‌. دووهەم حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە تێرۆری لە هەر شکل و شێوەیەک و لە هەر جێیەک بووبێ، مەحکووم کردوە تەنانەت ئەو سەردەمانەی کە تێرۆر لە هێندێک جێگا لەوانەبوو قازانجی کاتیشی بووبێ، حیزبی دیموکرات ئەو کاتیش نەهی لێ کردوە، بە خراپی زانیوە و مەحکوومی کردوە. مێژووی ٧١ ساڵەی ئەو حیزبە لەو بارەوە دروەشاوەیە.

سێهەم ئەوەیکە لە راستیدا خۆ بە نیسبەت جەریانی وەکوو داعش هیچ کەس بە قەد میللەتی کورد ڕاستەوخۆ و مەیدانی و لە عەرزی واقعدا لەگەڵ داعش شەڕی نەکردوە. ئەگەر بە دەلایلی سیاسی و ئەمنیەتی نەبا، حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی خۆش بوو ڕاستەوخۆ و مەیدانی لە بەرەی دژی داعشدا ڕاوەستابا و شەڕی کردبا. کەوایە لەم بارەیەوە ئەم گلەییە لە سەر حیزبی دێموکرات نیە. بەڵام ئەگەر بە ڕوویەکی دیکەدا بیخوێنینەوە بوونی کەسانی توندڕەو لە ئێران بۆ ڕەفتاری غەڵەتی کۆماری ئیسلامی ده‌گه‌رێته‌وه.‌ له‌ جیاوازییەک کە حکومەتی ئیسلامی لە باری مەزهەبی، ئەمنیەتی، فەرهەرەنگی و ناوچەییەوە دایدەنێ. پاشان ئەم خەڵک گرتن و ڕەشبگیرە ڕاستییەکەی بڵێی هەموو توندڕەوی ئیسلامی بن؟ بڵێی هەموو داعش بن؟ ئەگەر ئەوە ڕاست بێ، کەوایە ئەم حکومەتە لە گوێی گادا خەوتووە کە ئاگای لێیان نەبووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان ٣ ساڵ پێش ئێستا _ئەوە دیکۆمینت هەیە _ دەڵێ ڕەوتە توووندڕەوە ئیسلامییەکان لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەو شوێنانه چالاکییان هەیە، ناویشیان دەبا. ئەی بۆ حکومه‌تی ئێران پێشیان پێ ناگرێ؟ بۆیە لەو پێوەندییەدا ئەمن پێموایە ئەم ڕەخنەیە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات‌ ناگرێتەوە.

 

ئەگەر داعش و لایەنی توندڕەوی دیکە ئەو جۆرەی حزووریان لە سووریە و لە عێڕاق بووە ئەگەر لە ئێران هەبێ، حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵوێستی چی دەبێ؟ لە رووی مەیدانییەوە بە تایبەت؟

با فەرز وا دابنێین داعش لە ئێران لە گەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامی شەڕ دەکا، لە نەزەر منەوە ئەوە دوو جەریانی تێرۆریستین کە پێکەوە شەڕ دەکەن. حکومەتێک کە ٣٨ ساڵە زوڵم و زۆر دەکا لە کوردستان و جەریانێکی ئیفراتی کە بە تیرۆر دەیهەوێ خۆی بسەپێنی، مەعلوومە حیزبی دێموکرات کردەوەی هەردووکیان مەحکووم دەکا. بەڵام ئەگه‌ر ڕۆژێک حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەخشی هەبێ و بتوانێ لە موقابیل داعیشدا راوەستێ، قەتعەن یەک و دووی لێ ناکا.


ئەگەر ئیجازە بفەرمووی باسێکێش لە پرسی «دێموکراتەکان» بکەین. یەکگرتنەوەی هەردوو لای حیزبی دێمکرات ئێستا لە چ قوناغێک دایە؟

ئەمن پێم وایە ئەگەر قۆناغبەندی بکەین، ئێمە لە ڕاستیدا دوو قۆناغمان بڕیوە؛ قۆناغێک بە داخەوە لێکدابران و گرژی و ناخۆشی و هەندێک قسەی خەراپیش بە یەکتر گووتن، بەڵام ٥ ساڵە قۆناغێکی دیکەمان دەست پێ‌کردوە کە قۆناغی لێکتێگەیشتن و ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان و سەردانکردنی یەکتر بووە کە بەخۆشییەوە نەتیجەی باشی بووە. ئێستا من پێم وایە قۆناغیکی تازەمان دەست پێکردوە. لە ئاخرین دیداری هەردوو دەفتەری سیاسی کە پێکەوە بوومان، فەزایەک بە سەر کۆبوونەوەکەدا حاکم بوو کە هەر دوو لا لە باتی ئەوەی وەک دوو جەهەت، وەکوو دوو لا بیر لە حەللی قەزیەکه‌ بکاتەوە و هەر کەس بۆ لای خۆی بکێشێ، پێچەوانەکەی بوو کە جەمعێک لە دێموکراتەکان بەیەکەوە بیریان لە موشکلەیەکی دێموکرات دەکردەوە. ئەمە وایکردوە خۆێندنەوەی هەر دوو لامان وا بێ تێگەیشتنێکی تازە لە بیرکردنەوە بۆ ئەوەی کە چۆن دیمۆکراتەکان دەکەینەوە به‌ یەک، لە لای یەکتر درووست بکەین و لەو پیوەندیەدا هەیئەتەکانمان فەعالتر کار بکەین. ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا لە دەفتەری سیاسی‌ به‌ خۆیندنەوەی تازە، بە نووسراوەیه‌کمان ئاماده‌ کردوه‌ و داومانه‌ بە کۆمیتەی مەرکەزی، کۆمیتەی مەرکەزی هێندیک شتی وەکوو بنەما، وەکوو ئەسڵ و وەکوو بەرچاوروونی داوە بە دەفتەری سیاسیی حیزب. دەفتەری سیاسیش دایناوە کە هەیئەتی ئێمه‌ هەرچی زووتر لە گەڵ هەیئەتی رەفیقەکانمان کۆببنەوە. من پێم وایە قۆناغی سەخت و قورس و دژوارمان بڕیوە. کەوایە هەم زەروورەتی سیاسی هەم، زەروورەتی تەشکیلاتی، هەم زەروورتی ئەوەی حیزبی دێموکرات دەبێ حیزبیک بێ تا لە موقابیل دەرفەتەکان کە بە جدی لە وڵاتی ئێمە و لە نێو ناوچه‌ی ئێمە و لە مەنتەقەدا هەیە جوابی بداتەوە. بۆ جوابدانەوەش دەبێ خاوەنی کەرەسە و هێزی بە قەوەت بێ، ئەوەش بە وەحدەت و یەکیەتی دەکرێ. بۆیە بە خۆشبینییەوە دەڕوانمە سەر خۆیندنەوەی هەردوو لامان.


کاک مستەفا زۆر سپاس بۆ بەشداریتان

سپاس بۆ جەنابیشت

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٥.