به‌رنامه‌کانی روژ
شه‌ممه‌
هەواڵەکان10 / 11 / 2018
دیدگاە روز 10 / 11 / 2018
هەنگاو10 / 11 / 2018
یاده‌ وه‌رییه‌کان10 / 11 / 2018
اخبار10 / 11 / 2018
فیلم و دیکومنت10 / 11 / 2018
هەواڵەکان3 / 11 / 2018
یه‌ک شه‌ممه‌
دوو شه‌ممه‌
سێ شه‌ممه‌
چوار شه‌ممه‌
پێنج شه‌ممه‌
هه‌ینی
رادیۆ دەنگی کوردستان
بەرنامەی دوو شەممە ١٢١١٢٠١٨
بەرنامەی یەک شەممە ١١١١٢٠١٨
بەرنامەی شەممە ١٠١١٢٠١٨
بڵاوکراوه‌کان
به‌یاننــــــا‌مه‌و راگه‌یه‌نراو
پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کورستان بەبۆنەی جێژنی خاوەنکار
پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ رێورەسمی چلەی شەهیدانی ۱۷ی خەرمانان
هه‌ڵبژارده‌
دەقی وتەکانی د.ئاسؤ حەسەن زادە لە رێورەسمی دەورەی ٢٣٠ی سەرەتایی پێشمەرگە
دیداری حەوتوو - بزاڤی مەدەنی بزاڤێکی شوناسخواز میوانی بەرنامە : کاک ناسر باباخانی بەرپرسی ناوەندی لێکۆلینەوە ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشینگتون ( میراو )
روانینی رۆژ - چ بکرێ؟!
پرسی رۆژ - ساڵێک دوای بوومەلەرزەی کرماشان میوانانی بەرنامە : کاک ئیقباڵ سەفەرێ چالاکی سیاسی - سوئێد و کاک نەعیم نەجەفی رۆژنامەنووس
هه‌واڵه‌کان
هۆکارەکانی پەلکێشکرانی د.قاسملوو بەرەو بۆسەی مەرگ
عومەر باڵەکی
7 / 7 / 2018

ــ عەبدوڵڵا حەسەنزادە: میللەتی کورد وەجاغی کوێر نییە، بەڵام هەتا ئیستاشی لەگەڵدا بێ کورد کوڕێکی دیکەی نەبووە بڵێ قاسملووم...

ــ ڕۆئیا حەکاکیان، نووسەری کتێبی پیاوکوژانی کۆشکی فیرووزە: ئەمن لەو لێکۆلینەوەی کردوومە بۆم دەرکەوتووە کە لەنێو هەموو ئەوانەی بە دەستی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کراون و کوژراون، کەسێک کە دەیتوانی بێگومان ڕێبەرێکی نیشتمانی بۆ هەموو ئێران بێ، مسۆگەر عەبدوڕەحمان قاسملوو بوو...
***

کەسایەتی، زانایی و ئاستی بەرزی سیاسیی د. قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێگەیەکی قورسی دابوو بە حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی کوردستان و ئێران و دنیای دەرەوەش. هەر ئەوەش بوو کە دوژمن بە هەستکردن بەو پێگەیە هەوڵی دا ئەو دژبەرە سەرسەخت و کاریزمایە لەسەر ڕێگەی لاببا و بە پیلانێکی تێرۆریستیش توانی بەو ئامانجەی بگا.
29ساڵ لەمەوبەر، ئێوارەی ڕۆژی 22ی پووشپەڕی 1368 (13ی ژوئییەی 1988) لە شاری ڤییەن، پێتەختی وڵاتی ئوتریش دەستی ڕەشی تێرۆر لە بەرگی دیپلۆمات و لەسەر مێزی وتووێژ بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێراندا گەیشتە د. قاسملوو، ڕێبەری کاریزمای کورد و حیزبی دێموکرات. کۆماری ئیسلامی هیچ تێچوویەکی ئەوتۆی بۆ تێرۆری ڤییەن کە کوژرانی عەبدوڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و فازیل ڕەسووڵ لە دۆستانی حیزبی لێ کەوتەوە، نەدا. لەگەڵ ئەوەی بەڵگەی ڕوون و تەواو بە دەست پۆلیسەوە هەبوو کە دەری دەخست بکوژەکان کێن و لە کوێن، تیرۆریستەکان لەژێر چاوەدیریی هێزە ئەمنیەتییەکانی دەوڵەتی ئوتریش بەڕێی ئێران کرانەوە و خوێنی بە ناحەقڕژاوی قاسملووی نەمر و هاوڕێیانی کرا بە بەهای خێروبێری ساتوسەودای بازرگانیی ئێران لەگەڵ ئوتریش.
پەروەندەی تێرۆری ڤییەن سەرەڕای دەنگدانەوەی زۆری لەو وڵاتە و دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری مێکونووس و هەوڵەکان بۆ هاتنەوە بەرباسی ئەم ڕووداوە لە کۆبوونەوەیەکی پاڕلمانی ئوتریشدا، هەتا ئێستاش بەستراوە و بێ ئەنجامە، هەڵبەت بۆ کورد و حیزبی دێموکرات ئەو پەروەندەیە هەمیشە بەکراوەیی دەمێنی هەتا ئەو کاتەی لە دادگایەکی دادپەروەردا فەرماندەر و بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بریاری شیاوی خۆیان لەسەر دەدرێ.

د.قاسملوو بۆچی بە پێی خۆی بەرەو پیری مەرگ چوو؟
بەپێی هەموو ئەو نووسینانەی لەبەردەست دان و ئەو زانیارییانەی لەسەر کەسایەتیی د. قاسملوو هەن، قاسملوو کەسێکی کەمتەرخەم نەبووە کە بەئاسانی بکەوێتە داوی دوژمن. بەتایبەت کە باش دەیزانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی فتوای کوشتنی داوە؛ بەڵام بە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی ئەو کاتی ناوچە و ئەم گۆڕانکارییانەی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران و کوردستاندا هاتبوونە پێش، دەتوانین لێکی بدەینەوە کە د. قاسملوو لەبەرچی پەلکێشی ئەو دانوستانە تراژیدیکە کراوە.
ـــ شەری هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێڕاق لە بەرەکانی شەڕدا ڕاگیرابوون و دوو لایەن بە نێوبژیوانیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان کەوتبونە دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە. ئێران و عێڕاق بەتەمابوون دوای گەیشتن بە قۆناغی ئاشتی (ڕێکەوتننامەی الجزایر ١٩٧٥)ی نێوانیان جێبەجێ بکەن. ئەو رێککەوتنە باس لەوە دەکا لەسەر سنووری فەرمیی هەر دوو لا بە قووڵایی ٢٠ کیلۆمیتر دەبێ چۆل بکرێ و ئاسەواری ژیانی لێ نەمێنێ و ببێتە ناوچەیەکی قەدەخەکراو و کەس بۆی نەبێ تێیدا بژی. ڕێژیمی سەدام و لایەنی عێڕاق یەکلایەنە ماوەی چەند ساڵێک دەبوو کەوتبووە جێبەجێکردنی ئەو ئۆپەراسیونە و بە تایبەت لە ساڵانی 1367_1368دا بە تەواوەتی نێوەرۆکی ڕێکەوتننامەی ئەلجەزایری لە باشوری کوردستان پیادە کرد و سیاسەتی زەویی سووتاویان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. د.قاسملوو لە نیزیکەوە دەیدی حوکمەتی عێڕاق چی دەکا و لەوەش نیگەران بوو کە حوکمەتی کۆماری ئیسلامیش لە دوای شەر هەناسەیەکی بێتەوە بەر و ئەویش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمان سیاسەت بگرێتە بەر.
ــ د. قاسملوو دەیهەویست پێش ئەوەی بەغدا و تاران لێک نیزیک ببنەوە و ڕێکبکەون، کوردی ئێران لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی گەیشتبێتە سازانێک، چونکە پێی وابوو دوای ئەو ئەمە کورد هیچی دەست ناکەوێ و چیی پێ نابڕێ.
ــ ئێران لە شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێڕاقدا شەکەت ببوو و قەیرانە نێوخۆییەکانیش برستیان لێ بریبوو. لەو هەلومەرجەدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە بەرنامەی تێپەڕین لەو قۆناغەیان هەیە. ڕەفسەنجانی وای دەنواند کە بەرنامەی سازان و ڕێککەوتن لەگەڵ دژبەرانیشی هەیە. وابوو کە پێشنیاریی دانوستان و ڕێککەوتن لە نێوان حوکمەت و حیزبی دێموکرات (د. قاسملوو) هاتە گۆڕێ و بەرنامەی بۆ داندرا.
ـــ لەو سەروبەندەدا خومەینی نەخۆشە و ململانێی نێوان قۆڵە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم لەسەر دەسەڵات بەرەو ئاقاری توندوتیژی دەچوو. ئایەتوڵڵا سەید حەسەن تەباتەبایی کە یەکێک لە مەرجەعە تەقلیدەکانی شیعە بوو، ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی حوکمەت هەبوو و دڕێژەدانی شەر لە دژی عێڕاق و سیاسەتی سەرکوتی خەڵکانی ناڕازیی ئێرانی مەحکووم کردبوو. ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆ زیاتر دەبوون و ئەمەش ڕێبەرانی ڕێژیمی نیگەران کردبوو و دەیانەویست ئیبتکاری عەمەل لە هێزە کاریگەرەکان بستێنن. چەند مانگێک بوو حکومەت مێهدی هاشمی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و خزمی نیزیکی ئایەتوڵڵا مونتەزیریی بە تاوانی وەرێخستنی شەر دژی ئیسلام ئیعدام کردبوو، ئەوەش زیاتر ئاوری دووبەرەکیی نێو دەسەڵات لە تارانی خۆش کردبوو.
ـــ ئەو ڕووداوانەی نێو دەزگای حاکمییەتی ئێران ئەو تێگەیشتن و بیرکردنەوەیەی لای وڵاتانی ڕۆژئاوایی دروست کردبوو کە لەنێو دەسەڵاتی ئێراندا دوو گرووپ هەن، گرووپێکی لێبراڵ و گروپێکی توندئاژۆ. هەر بۆیە هەوڵیان دەدا پشتی ڕەفسنجانی بگرن کە وای دەنواند لایەنگری کرانەوە و سازان لەگەڵ دنیای دەرەوە و تەنانەت دژبەرانێتی. بەتایبەت کە ئێرانی وێرانی دوای شەڕ پێویستیی بە سەدان میلیارد دۆلار سەرمایە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە شەڕلێدراوەکان و بووژاندنەوەی ئابووریی تێک تەپیوی وڵات هەبوو، و هەموو ئەوانە زەروورەتی ئاشتەوایی هەمەلایەنەی دەهێنایە پێش چاو.
ـــ لە مارسی ١٩٨٨ (ڕەشەممەی 1366ی هەتاوی) شاری هەڵەبجە بە بۆمبی شیمیایی هێرشی کرایەسەر. د. قاسملوو ئەو بۆمبارانەی مەحکوم کرد، ئەوە ساردیی خستە نێو پێوەندییەکانی حیزبی دیموکرات و حوکمەتی عیراق و حیزبی دیموکرات لەوە نیگەران بوو کە بکەوێتە نێو بەرداشی دوو دەوڵەتی ئێران و عێڕاق.
ـــ دۆخی داسه‌پاوی نوێ به‌سه‌ر شوێنی مانه‌وه‌ و شێوه‌ی چالاکیی هێزی پێشمه‌رگه‌ و داهاتووی پڕ ئه‌گه‌ر و ئه‌ممای ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ دوکتور قاسملووی هێنابووه‌ سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ که‌ هه‌م ڕێگه‌یه‌ک بۆ ده‌ربازبوون له‌و دۆخه‌ ببینێته‌وە و هه‌م وزه‌ی خه‌باتگێڕیی حیزبی دێموکرات له‌سه‌ر پێ ڕابگرێ.
ـــ لە دەوری دووهەمی وتووێژه‌کان لە ساڵی ١٩٨٩ (جۆزردانی ١٣٦٨) خومەینی مرد و بەپێی هەموو پێوانەیەک مه‌نتیقی دەهاتە بەرچاو کە ڕەفسنجانی لە پۆستی سەرکۆماریدا ( و له‌ حاڵێکدا کە نازناوی «سەرداری سازندەگیی» درابوویه‌) ئامادەیی پتری هه‌بێ بۆ چارەسەری کێشە نێوخۆییەکان بە تایبەتی پرسی کورد له‌م وڵاته‌.
ئەمانە و ڕەنگە زۆر هۆکاری دیکەی ئاشکراو شاراوە بووبن بۆ ئەوەی د. قاسملوویان بەرەو ئەو وتووێژەی پاڵ پێوە نابێ و لە هەموو ئەوانە گرێنگتر باوەری بنه‌مایی د.قاسملوو بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد فاکته‌رێکی دیکه‌یه‌ که‌ وه‌ک دیمان له‌ پێناو ئەو باوەرەدا گیانی خۆی دانا. لە یەک رستەدا دەتوانین بڵێین مه‌نتیق و چەکی سه‌ره‌کی و دڵخوازی د.قاسملوو لە ڕاستیدا وتووێژ و دانوستان لەگەڵ نەیارانی و پابەندبوون بە ئوسووڵەکانی دێموکراسی بوو.

پیلانی کۆماری ئیسلامی بۆ لە داوخستنی د.قاسملوو
کۆماری ئیسلامی ماوەی ١٠سال بوو هه‌ناسه‌ی ئاسووده‌یی له‌ کوردستان نه‌دابوو. پێگە و هێزی حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌ کوردستان و ته‌نانه‌ت ئێراندا کۆماری ئیسلامیی هه‌راسان کردبوو، به‌تایبه‌ت که‌ زه‌بری قورسی گیانی و ماڵیشی له‌ سۆنگه‌ی شه‌ڕی کوردستان و خه‌بات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراته‌وه‌ وێ کەوتبوو و ده‌یویست دوای تەواوبوونی شەڕ له‌گه‌ڵ ئیران عێڕاق خۆی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی دژە شۆرشیش! یەک لا بکاتەوە. ڕێژیم لە مەیدانی شەری نیزامیدا بۆی دەرکەوتبوو کە ناتوانن به‌ره‌نگاری هێزی پێشمەرگە _کە خۆی لەگەڵ هەلومەرجەکە گونجاندووە و پێکهاته‌ی تەواو پارتیزانی بە خۆیەوە گرتووه‌_ ببنه‌وه‌ و لە کوردستانی وەدەرنێن؛ هەر بۆیە دەبوا بەدوای چارەسەرێکی دیکەدا بن کە ئەویش وتووێژ لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان و شەخسی د.قاسملوو بوو. له‌و وتووێژانه‌ یان حیزبی دێموکراتیان ناچار به‌ سازان ده‌کرد، یان ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسا له‌ سه‌ری حیزبی دێموکرات بده‌ن.
ڕفسنجانی به‌ هێنانی دوکتور قاسملوو بۆ سه‌ر مێزی وتووێژ_ به‌دوای دوو ئامانجەوە بوو کە هەر دووکیان لاوازکردنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لێ ده‌که‌وتنه‌وه‌. یه‌که‌میان ڕاکێشانی حیزبی دێموکرات بۆ گۆڕه‌پانی سیاسیی نێوخۆی وڵات وه‌ک حیزبێکی سیاسیی ڕێگه‌پێدراو به‌پێی قانوونی بنه‌ڕه‌تیی وڵات که‌ چه‌کداماڵین له‌ هێزی پێشمه‌رگه به‌دوودا ده‌هات؛ لە قۆناغی دووهەمدا ئەگەر د.قاسملوو ملی بۆ ئه‌و داوا و پێشنیارە نه‌دابا، له‌ هه‌لی مومکیندا بیکوژن و حیزبی دێموکرات بێ سه‌ر بکه‌ن.
بۆ جێبه‌جێبوونی ئەو پیلانە لە پێشدا دەبوا متمانەی د.قاسملوو وەدەست بێنن و هەتا ئەو جیگایە بچنە پێش کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشنیاریان بە د.قاسملوو کرد کە پێویستە هەر بە تەنیا تۆ ببینین، د.قاسملوو باوەریان پێ بکا و به‌پێی خۆی بچێته‌ قه‌تڵگه‌ و بەداخەوە پیلانەکەشیان سه‌ری گرت.
درێژەی هەیە...

لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)